هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چیای پاشقەڵاتانی بۆردوومان کرد، کە کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سەنتەری شارۆچکەی چۆمانەوە دوورە.
سەرچاوەیەکی مەیدانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەو ناوچەی بۆردومان کراوە بارەگای هیچ پارت و لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، یان پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێنییە.
هەمان سەرچاوە رایگەیاند کە بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە بەربووە و بەهۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکە، تائێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
ماوەی چوار ڕۆژە ئێران تۆپخانە و درۆن بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکانی برادۆست و باڵەکایەتیی لە پارێزگای هەولێر دەستپێکردووەتەوە.
هەرێمی کوردستان بووە بە مەیدانی تەڕاتێنی بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی توند نە لە لایەن هەرێمی کوردستان و نە حکومەتی عێراقەوە، پیشان نەدراوە.
شەممەی رابوردوو ئێران و تورکیا بە نۆرە بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئێران ناحییەی سیدەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر و تورکیاش چەند جارێک سنووری ئاکرێ و ئامێدی بۆردوومان کرد.