رێکخراوی مافی مرۆڤ: ژمارەی قوربانیانی ناڕەزایەتیەکانی ئێران گەشتە 76 خۆپیشاندەر

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ، دووشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لانیکەم ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون، گەیشتووەتە 76 خۆپیشاندەر و دەستگیرکراوەکانیش لە ژێر ئەشکەنجەدا داوای دانپێدانانیان لێدەکرێت.

رێکخراویەکە وتی، زۆربەی شەهیدەکان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بەشەو بەخاک دەسپێردرێن و بنەماڵەکانیانیش دەخرێنە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی پرسە ئەنجام نەدەن.

رێکخراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات نەبون و پچڕانی ئینتەرنێت تا ئێستا رێگرە لەبەردەم لێکۆڵینەوە لە ژمارەی کوژراوەکان و دەشڵێت: زۆرێک لە خێزانەکان هەڕەشەیان لێکراوە تا زانیاری بڵاو نەکەنەوە.

مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دەدات لە ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوەکاندا، بە مەبەستی دانپێدانانی بەزۆر و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیان.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو رێکخراوە، لە نێو ئەو 76 شەهیدەدا لانیکەم 6 ژن و 4 منداڵ هەن.

ئەو شەهیدانەی تا ئێستا تۆمارکراون بەمشێوەیە بەسەر  15 پارێزگای جیاوازەوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دابەش بوون: مازەندەران 25، گیلان 10، ئازەربایجانی رۆژئاوا 10، کرماشان 6، سنە 6، بۆرز 4، تاران 3، کوهگیلویە و بۆیار ئەحمەد 2، ئەسفەهان 2، خوراسانی رەزەوی 2، زەنجان 2، ئازەربایجانی رۆژهەڵات 1، سمنان 1، قەزوین 1 و ئیلام 1 کەس.

رێکخراوەکە دەڵێت تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، رادیۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی 41 کەسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی سەرتاسەری وڵاتدا راگەیاندووە.

سەرەڕای گوشارە توندەکانی رژێمی ئێران، بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایی تادێت زیاتر دێتە جۆش و پەرە دەسێنێت.