قافڵەی سەربازی تورکی لە دوو دەروازەی باکوری حەڵەبەوە هاتنە ناو خاکی سوریاوە

گوندەواری باکوری حەڵەب- نۆرس پرێس

لە نێوەندی دوێنێ شەودا، قافڵەی سەربازی تورکی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانیان کە ناسراون بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لە هەردوو دەروازەی “بابولسەلامە” و “ئەلراعی”ەوە لە باکوری حەڵەب، هاتنە ناو خاکی سوریاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە قافڵەکان پێک هاتبوون لە چەکی قورس و تانک و ئۆتۆمبیلی گولەنەبڕ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکردن بۆ هێرش کردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەکە وتی، هاتنە ناوەوەی قافڵە سەربازیەکان هاوکات بوون لەگەڵ فڕینی فڕۆکەی چاودێری تورکی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەوە.

دوێنێش، گروپێکی سەربازی نزیک لە تورکیا پشتیوانی سەربازیان بۆ ناوچەیەکی سەر بە گوندەواری ئەعزاز لە باکوری رۆژهەڵاتی تەل رەفعەت، نارد.

لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە، لایەنی “جەیش ئەلوەتەنی” پشتیوانی سەربازی گەورەیان بۆ هێڵەکانی تەماسیان لەگەڵ حکومەتی سوریادا، ناردوە، لە شارۆچکەی تەل رەفعەت لە باکووری حەڵەب.

لە لایەکی تریشەوە حکومەتی سوریا و لایەنەکانی سەر بە ئێران، بەهەمان شێوە پشتیوانی سەربازیان ناردووە بۆ ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتیان لە تەل رەفعەت و چواردەوری و پشتێنەی گڵ و سەنگەریان ئامادە کردووە.