وەک یەکەم کورد لە مێژووی بریتانیادا: نازم زەهاوی بووە وەزیری دارایی
هەولیر- نۆرس پرێس
دوێنێ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیاریدا بە دیاریکردنی نازم زەهاوی، بە بنەچە کورد بە وەزیری دارایی بەریتانیا، ئەویش دوا بە دوای ئەوە هات کە ساجید جاڤید، وەزیری تەندروستی و ریشی سوناک، وەزیری دارایی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند.
دەستلەکارکێشانەوەی ریشی سوناک و ساجید جاڤید دوای ئەوەهات بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و دانی بەوەدانا کە لە هەڵبژاردنی کریس پینچەر بۆ پۆستێکی حکومی “هەڵە” بووە، چونکە لە ساڵی 2019 و پێش دیاریکردنی، پێی گوتراوە کە تۆمەتی هەراسانکردنی سێکسی لەسەرە.
کریس پینچەر پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران بوو، هەفتەی رابردوو بەهۆی هەمان تۆمەتی گێچەڵ و هەراسانکردنی سێکسی کارەکانی هەڵپەسێردرا. هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
لەبارەی بڕیارەکەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، شاژنە ئیلیزابێس بڕیاری دانانی نازم زەهاوی وەک وەزیری نوێی دارایی پەسندکردووە، لەکاتێکدا نازم کە چووەتە بەریتانیا لەگەڵ خێزانە کوردەکەی نەیتوانیوە بە زمانی ئینگلیزی قسە بکات، پێش ئەوەی دەست بە ژیانی پیشەیی بکات.
نازم زەهاوی بە بنەچە کوردە و وڵاتینامەی بەریتانیای هەیە، لە ساڵی 1967 لە بەغدا لەدایکبووە. لە کۆلێژی لەندەن بڕوانامەی بەکالۆیۆسی لە بواری ئەندازیاریی کیمیادا بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2010 بووە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، دواتر لە ساڵی 2018 تاوەکو تەممووزی 2019 وەزیری دەوڵەت بەوەکالەت بۆ کاروباری خێزان و منداڵان بووە.
ساڵی 2020، لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پێویستیی وڵاتان بە خێراترکردنی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین، نازم زەهاوی بووە وەزیری دەوڵەت بەوەکالەت بۆ کاروباری ڤاکسین. هەروەها رۆژی 15-09-2021 بووە وەزیری پەروەردەی بەریتانیا و تاوەکو رۆژی سێشەممە 05-07-2022 لەو ئەرکەدا مایەوە.