پارێزەرانی رۆژئاڤا لیژنەیەکی یاسایی بۆ بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان پێکدێنن

کۆبانی – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان لە شاری کۆبانی، پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان لیژنەیەکی مافی مرۆڤیان پێکهێنا بۆ بەبەڵگەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کراونەتە سەر دانیشتووانی ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری.

پارێزەر مستەفا شێخ موسلیم بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پەنجا پارێزەر لە شارەکانی کۆبانی، مەنبەج، رەققە، دێرەزوور و جەزیرە، بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە بۆ تاوتوێکردنی پرۆتۆکۆڵی کاری ئەو لیژنەیە.

شێخ موسلیم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد كه‌ لیژنه‌كه‌ پێک دێت لە سێ پارێزه‌ر بۆ هه‌ر شارێكی رۆژئاوای کوردستان.

ئەندامەکەی سەندیکای پارێزەرانی فورات، رایگەیاند، لیژنەکە سەرپەرشتی ئامادەکردنی دۆسییە بەڵگەنامەییە یاساییەکان دەکات بە یاساییکردنی ئەو راپۆرتانەی کە پێشێلکارییەکان دەسەلمێنن، بەپێی ئەو ستانداردانەی لەلایەن رێکخراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکانەوە پەسەندکراون.

شێخ موسلیم ئاماژەی بەوەدا، لیژنەکە ماوە ماوە راپۆرت بۆ میدیاکان و رای گشتی بڵاودەکاتەوە، دەزگا فەرمییەکان دەتوانێت بە فەرمی داوای دۆسییە بەبەڵگەکراوەکان لە لیژنەکە بکەن.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ