ناڕەزاییەكانی ئێران.. كوژرانی دەیان كەس و دەستگیردنی سەدانی دیكە لە گەڵ بەردەوامبوونی بڕینی ئەنتەرنێت
ههولێر – نۆرس پرێس
بە پێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، لەو كاتەوەی ناڕەزاییەتییەكانی ئێران بەرپابووە بە هۆی كوژرانی ژینا ئەمینی، هێزەكانی ئاسایشی ئێران نزیكە 50 خۆپیشاندەریان شەهید كردووەو ماوەی زیاتر لە یەك هەفتەیە دەسەڵاتدارانی تاران تۆرەكانی ئەنتەرنێتیان لەو شارانەدا راگرتووە كە نارەزایەتی بە خۆووە دەبینن.
ناڕەزاییەتی و خۆپیشاندانەكان لە رۆژی شەممەی رابردووەوە دەستی پێكرد لە كاتی بە خاكسپاردنی تەرمی (ژینا ئەمینی) لە ماوەی یەك هەفتەشدا خۆپیشاندانەكانی بە شێوەیەك فراوانبوون كە 15 شارو شارۆچكەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانیان گرتەوە.
چەند سەرچاوەیەك لە شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاماژەیان بەوەكرد كە بە هۆی بڕینی تۆڕەكانی ئەنتەرنێت گواستنەوەی زانیاری لەسەر خۆپیشاندانەكان زۆر ئەستەم بووە.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەش كرد كە هێزەكانی ئاسایشی ئێران تا وەكو روژی هەینی 50 خۆپیشاندەریان شەهید كردووە كە هەندێكیان ژن و منداڵن.
تۆری مافی مرۆڤی لە كوردستان ئەوەی ئاشكراكرد، هێزەكانی پەسیجی ئێران چوار مێردمنداڵیان كوشتووە كە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 16 ساڵانە لە هەردوو شاری ئەرومییەو شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژنان بە شێوەیەكی بەرفراوان بەشداربوون لەو خۆپیشاندانە بەرفراوانانەی كە بە شەوان ئەنجام دەدران.
رۆژی هەینی رابردوو پۆلیسی رەوشتی ئێران (ژینا ئەمینی) یان لە تارانی پایتەختی ئێران شەهید كرد، دوای ماونەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە، بە هۆی ئەو زەبرەی بەر مێشكی كەوتبوو.
لە پێش بڕینی تۆڕی ئەنتەرنێت چەندین گرتەی ڤیدیویی بڵاوكرایەوە كە تیایدا ژنان لەچكەكانیان فڕێ دەدا و خۆپیشاندەرانیش ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی ئاسایشی ئێرانیان دەسوتاند.
هەواڵەكان باس لەو كشانەوەی هێزەكانی ئێران دەكەن لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لە ئێستادا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كۆنترۆل كرابێت