رێكخراوێكی فریاكه‌وتن له حه‌سه‌كه: ناوچه‌كه پێویستی به هاوكاری چاره‌نوسسازه
حه‌سه‌كه- نۆرس پرێس
رێكخراوێكی فریاگوزاری كه له ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كارده‌كات، باس له‌وه ده‌كات ناوچه‌كه پێویستی به هاوكاری “چاره‌نوسساز” هه‌یه.
دوای پێنج رۆژی تر رێگه‌پێدانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ هێنانه‌ژوره‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی بۆ ناوچه‌كه كۆتایی دێت و بڕیار وایه رێگه‌پێدانی نوێ ده‌ربكرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا داوا ده‌كرێت ده‌روازه‌ی “ته‌لكۆچه‌ر”ی رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق بكرێته‌وه.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیریش، ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابوردو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هاندا میكانیزمه‌كانی گه‌یاندنی كۆمه‌كییه‌كان به سوریا به‌رفراوان بكرێت و بڕیاری 2585ی ساڵی 2021 سه‌باره‌ت به پرۆسه‌كان له‌رێی سنوره‌وه نوێبكرێته‌وه به‌وپێیه‌ی “پێویستییه‌كی ئه‌خلاقییه.”
رێكخراوی “دان” له ناوچه‌كانی رۆژئاوا رایگه‌یاندوه، ئاواره‌كان له دۆخێكی خراپدان به‌هۆی كه‌می بڕی ئه‌و هاوكارییانه‌ی پێیان ده‌گات و به‌شی پێویستیه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان ناكات.
له كانونی دوه‌می 2020 ئه‌نجومه‌نی ئاسایش رێگه‌پێدانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه بۆ به‌كارهێنانی ده‌روازه‌ی ته‌لكۆچه‌ر (یه‌عره‌بیه)ی سنوری له نێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق، دواتریش له مانگی ته‌موزدا به ته‌واوه‌تی ئه‌و ده‌روازه‌یه داخرا دوای ئه‌وه‌ی چین و روسیا ڤیتۆیان به‌كارهێنا.
رێكخراوی “دان” كه باره‌گاكه‌ی له حه‌سه‌كه‌یه رایگه‌یاندوه، به‌رده‌وامی داخرانی ده‌روازه سنورییه‌كان، ژیانی ملیۆنه‌ها كه‌سی خستوه‌ته مه‌ترسییه‌وه، به تایبه‌ت كه وشكه‌ساڵی چه‌ند ساڵێكه ناوچه‌كه‌ی گرتوه‌ته‌وه.
هاوكات باسی له‌وه‌كردوه، هاوكارییه مرۆییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ رۆژئاوای كوردستان، “له‌سه‌روی پێویستییه‌وه‌یه‌و ده‌گاته ئاستی پێویستییه چاره‌نوسسازه‌كان.”
له كۆتایی مانگی رابوردو ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی له لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس رایگه‌یاند، تاكه ده‌روازه‌یه‌ك خزمه‌تی گه‌لی سوریا بكات، به‌بێ مه‌به‌ستی سیاسی، ده‌روازه‌ی ته‌لكۆچه‌ر (یه‌عره‌بیه)یه‌و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ده‌توانێت خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌رچۆن بوێت بگه‌یه‌نێت به‌بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی سوریا بیقۆزێته‌وه.
روسیا ده‌یه‌وێت هه‌مو كۆمه‌كییه پزیشكی و مرۆییه‌كان له رێی دیمه‌شقه‌وه بگاته سوریا‌و دواتر به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شبكرێت.
ساڵح موسلیم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، روسیا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، “حكومه‌تی سوریا ده‌ستی باڵای هه‌بێت له برسیكردنی گه‌ل یاخود خۆشگوزه‌راندنی.”
له‌لای خۆیه‌وه فه‌نه‌ر گه‌عیت، جێگری هاوسه‌رۆكایه‌تی هاوبه‌شی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، “ئه‌و كاره له به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی رۆژئاوادا نییه‌و لێی بێبه‌شده‌كرێن له كۆمه‌كییه‌كان له كاتێكدا زۆر پێویستییان به‌و هاوكارییانه هه‌یه.”