ئەمریکا پۆلیسی رەوشتی ئێران دەخاتە لیستی رەشەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پۆلیسی رەوشتی ئێرانی بە بەرپرس لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، دەزگاکەیان خستووەتەوە لیستی رەشی سزاکانیەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت، بەهۆی تووندوتیژی لە دژی ژنانی ئێران، سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و پێشێلکردنی مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە، سزایان بەسەر حەوت کەسایەتیی دیکەی ئەمنیدا سەپاندووە.

“پۆلیسی رەوشت”ـی ئێران بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا “بەرپرسن” لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە گیانلەدەستدانەکەی بووە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە بەشێکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. 

جانێت یەڵێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژینا ئەمینی “ژنێکی بوێر بوو کە گیانلەدەستدانەکەی لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتدا، کردەوەیەکی وەحشیگەرانەی تری رژێمی ئێرانە  دژ بە گەلەکەی.”

یەڵێن دەشڵێت، ئەوان بە تووندی سەرکۆنەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەکەن، داواش لە حکومەتی ئێران دەکات کۆتایی بە “تووندوتیژی” لە بەرامبەر ژنان و سەرکوتکردنی ئازادیی رادەربڕین بهێنێت.

 جگە لە پۆلیسی رەوشتی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر هەریەکە لە محەممەد رۆستەمی چشمەگەچی، سەرۆکی پۆلیسی رەوشتی ئێران، حاج ئەحمەد میرزایی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رەوشت لە لقی تاران و پێنج بەرپرسی دیکەی باڵای ئاسایشدا سەپاند کە وەکو خۆی دەڵێت، “رۆڵیان لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا هەبووە.”

لەژێر چەتری سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا، هەموو ئەو سامانەی کە لایەنی سزادراو خاوەندارێتیی دەکات و حکومەتی ئەمریکا دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەیە، سڕ دەکرێن و رێگە بە هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی، لەنێویدا بانکە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێن، نادرێت مامەڵە لەگەڵ سزادراوان بکات.

لای خۆشیەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا سزاکانی پشتڕاستکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە “دەبێت حکومەتی ئێران کۆتایی بە چەوساندنەوەی سیستماتیکی ژنان بهێنێت و رێگە بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە بدات.”

بلینکن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و “ئەوانەش بە بەرپسیار دادەنێت کە پێشێلی ئەو مافانە دەکەن.”