هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، 31 کەس لە خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری ئێران شەهید کراون، کە زۆرینەیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، تا ئێستاش ناسنامەی 15 شەهیدی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرابووە.
خۆپێشاندانەکان لەدوای شەهید کردنی ژینا ئەمینیەوە تا ئێستا لە زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەی شەهیدانی خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە 15 کەس دەخەمڵێنن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە راگەیێنراوێکدا ژمارەی شەهیدەکانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “لانیکەم 31 خۆپێشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.”
کە بەگوێرەی رێکخراوەکە بەمشێوەیە بەسەر ناوچەکاندا جێگیربوون: “دیواندەرە 2، سەقز 1، دێولان 1، مهاباد 1، ورمێ 1، کەرەج 1، پیرانشار 1، کرماشان 1، شنۆ 1، قووچان 1، تەورێز 1، بابول 6، بەندەر ئەنزەلی 1، ئامول 11 ، ئیلام 1 “
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەبێ ئەوەی ناسنامەی شەهیدەکان ئاشکرا بکات، ژمارەی شەهیدەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە 10 کەس راگەیاندووە، ئەوە لەکاتێکدایە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات ناسنامەی 15 شەهیدی خۆپێشاندانەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاست کردووەتەوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری بریندارانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە تا ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، نزیکەی 733 هاونیشتمانی لە لایەن هێزە تەناهییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە برینداربوون.
بە هۆی بوونی گوشار لەسەر میدیاکان و بچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت لە ئێران، ناتوانرێت بە وردی ئاماری شەهید و برینداران بزانرێت، لە هەمانکاتدا ترسی زۆر هەیە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2019 کاتێک رژێمی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێتی بەیەکجاری داخست و دەستی کرد بە قەتڵوعامی خەڵک.
لە لایەکی تریشەوە، بە گوێرەی راگەێنراوی میدیاکانی رژێمی ئێران، وا بڕیارە ئەمڕۆ لایەنگرانی رژێمەکە رێپێوانی پشتیوانی لەو رژێمە و لە حیجابی زۆرەملێ بکەن.