پێشکەشکاری CNN: رەئیسی نایەوێت بە بێ “حیجاب” بمبینێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێجشەممە، کریستیان ئەمانپوور، پێشکێشکاری نێوداری ئەمریکی کە پرۆگرامێک هەر بە ناوی ئەمانپوور پێشکێش دەکات و تێیدا میوانداریی سەرکردە و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان دەکات، لە تویتێکدا رایگەیاند کە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هەڵوەشاندووەتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە رەئیسی سوور بووە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەمانپوور سەرپۆش لەسەر بکات.

ئەمانپوور دەڵێت، رۆژی چوارشەممە ئامادەبووە بۆ ئەوەی هەڤپەیڤینەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ رەئیسی بکات. بەڵام ئەو جەختی لەوە کردووەتەوە کە “هەر دەبێت پرچی داپۆشێت”

لە وەڵامیشدا، ئەمانپوور دەڵێت، “من بە رێزەوە داواکەیم رەتکردەوە، ئێمە لە نیویۆرکین، ئەو شوێنەی کە هیچ یاسایەک یان نەریتێک نییە سەبارەت بە حیجاب کردن”.

ئەمانپوور لەدایکبووی بەریتانیایە و بە رەچەڵەک ئێرانییە، دەڵێت: “من باسی ئەوەم کرد کە هیچ سەرۆکێکی پێشووی ئێران داوای ئەوەی نەکردووە کاتێک لە دەرەوەی ئێران هەڤپەیڤینم لەگەڵیاندا کردووە و گوتم کە ناتوانم بەو داوایە رازیبم”.

هاوکات وێنەیەکی خۆی لە شوێنی هەڤپەیڤینەکە لە تویتەر بڵاوکردەوە کە لەسەر کورسیی خۆی دانیشتووە و کورسیی رەئیسی لە بەرامبەریدا بە بەتاڵی دەردەکەوێت.

ئەمانپوور دەڵێت، ئەندامێکی شاندی ئێرانی پێی راگەیاندووە کە “لەبەر بارودۆخی ئێران” دەبێت سەرپۆش لەسەر بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە رۆژی هەینییەوە بەهۆی شەهید کردنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەدوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە لە ژێر ئازاردا گیانی لەدەستدا، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستاش لانیکەم 31 کەس لە پێکدادانی نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا شەهید بوون.