ئەمڕۆ لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا گشتپرسی دەکرێت بۆ چوونە سەر رووسیا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ هه‌ینی گشتپرسی بۆ لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیا به‌  رووسیاوه‌ دەستیپێکرد، ئەویش له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای روسیادان، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

كاتژمێر 5:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ گشتپرسییەکەی رووسیا  ده‌ستیپێكرد، بڕیاریشە تا 27ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، گشتپرسیەکە ناوچەکانی، دۆنێتسک و لوهانسک و خێسۆن و زاپۆریژا دەگرێتەوە، ئەمانەش 15% ی خاکی ئۆکرانیا پێکدێنن، له‌كاتێكدا شه‌ڕ و پێكدادان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ گشپرسییەکەی تێدا ئه‌نجامده‌درێت به‌رده‌وامه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكی رایگه‌یاند،  ئه‌و بانگه‌واز و راگه‌یه‌ندراوانه‌ی باس له‌ ئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ئامانجه‌كانی كیێڤ ناكات.

وتیشی، “بۆچون و هه‌ڵوێست و هه‌روه‌ها بیروڕاكانیشمان له‌باره‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین و ئه‌وه‌شی لێره‌ و له‌وێ بڵاوده‌كرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادكردنی ته‌واوی خاكی وڵاته‌كه‌مان نابێت”.