کۆبوونەوەی لایەنەکانی ئەستانە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا لە نیۆرک
دیمەشق – نۆرس پرێس
شەوی چوارشەممە، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێران و تورکیا، لە پەراوێزی 77هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لە راگەێنراوێکدا رایگەیاند؛ وەزیر سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزاری بە شێوەی ئەستانە، لەگەڵ هاوتا ئێرانی و تورکەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و مەولود چاوشئۆغڵۆ ، دۆخی ئێستای سووریای تاوتوێ کرد.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، جەخت لەسەر پێویستی سەقامگیرکردنی دۆخی ئەو وڵاتە کراوەتەوە کە زیاتر لە 11 ساڵە بە دەست جەنگەوە دەناڵێنێ.
بە وتەی وەزیری دەرەوەی رووسیا؛ ئاڵوگۆڕێکی وردی بیروڕا لەسەر بارودۆخی ئێستای سوریا و دەوروبەری سوریا بەڕێوە چووە، جەخت لەسەر پێویستی بەدیهێنانی سەقامگیرییەکی بەهێز لەسەر زەوی و ئاشتی و ئاسایش کراوەتەوە؛ لەسەر بنەمای سەروەری و سەربەخۆیی و یەکڕیزی سوریا.
جگە لەوەش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا، گێیر پێدەرسن؛ ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
لە کاتێکدا کۆبوونەوەکە لە ژوورێکی داخراو بەڕووی میدیاکاندا بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ؛ لە تویتێکدا لە تویتەر وتی: “ئێمە بەردەوامین لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان لە هەموو بوارەکاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بۆ قەیرانی سووریا”.
ئەو سێ وەزیرە نوێنەرایەتی “دەوڵەتە گەرەنتیکەرەکان”ی پرۆسەی ئەستانە دەکەن؛ کە گوایە تاوتوێی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کەمکردنەوەی پێشهاتەکان دەکەن لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە.