بنکەیەکی تەندروستی تایبەت بە کۆلێرا لە کۆبانی دەکرێتەوە

کۆبانی- نۆرس پرێس

بەرپرسێکی دەستەی تەندروستی، لە هەرێمی فورات، رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوی نەخۆشی کۆلێرایان تۆمار نەکردووە، هەروەها ئامادەکاری دەکەن بۆ تەیارکردنی ناوەندێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە، لە کۆبانی.

دەستەی تەندروستی، لە بەڕێوبەری خۆسەر، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە دوێنێ چوارشەممە، لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو، رایانگەیاند، کۆلێرا لە ناوچەکانی دێرەزوور، رەققە، تەبەقە و حەسەکە، لە باکووری سوریا بڵاوبووەتەوە و ئەوەشی خستەڕوو تا ئێستا 16 حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بە نەخۆشییەکە تۆمار کردووە.

ئەحمەد مەحمود، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە هەرێمی فورات بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەستەکە بڕێکی دیاریکراوی دەرمانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆلێرا، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستیان بە پشتیوانی رێکخراوەکانە؛ بۆ رێگری خێراتر و کاریگەرتر لە پەتاکە لە ئەگەری تەشەنەسەندنیدا.

رۆژی 13ی ئەیلول رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دا؛ لە مەترسی بەرزی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە سوریا.

دوای بانگەوازەکانی بەڕێوبەری خۆسەر بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی پزیشکی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی کۆلێرا، دووشەممەی رابردوو ،رێکخراوی تەندروستی جیهانی، گەیشتنی هاوکارییەکانی بۆ سوریا راگەیاند، کە بەسەر ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای سووریادا دابەشدەکرێت، بەڵام هیچ میکانیزمێکیان بۆ ئەوە دیاری نەکرد.

مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ناوچەکەدا ؛ ئاوی پیس بووە؛ بەهۆی نزمی ئاستی رووباری فورات کە لە رێگەی تورکیاوە دەچێتە ناو خاکی سوریاوە، هەروەها کە ناوچەکە پێویستی بە بڕێکی زۆر لە “کلۆری ئاو” هەیە لە گوندەکانی نزیک رووباری فورات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانی بڕی “کلۆر”ی ئاوی خواردنەوەی زیادکردووە کە دەگاتە شارەکە؛ بۆ ئەوەی رێگری بکات لە تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە.

لە هەرێمی فورات نۆ بنکەی تەندروستی سەر بە دەستەی تەندروستی هەن کە دوو بنکەیان لە شار و حەوتیان لە گوندەکانن.

ئامادەکردن: فەتاح عیسا –  داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی