گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی سڤیل بە بۆردومانێکی تورکیا لە عەین عیسا
عەین عیسا – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە، لە گوندەواری شارۆچکەی عەین عیسا لە باکووری شاری رەققە، دوو هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا و کەسانی دیکەش برینداربوون.
شایەتحاڵێکی دانیشووی ناوچەکە رایگەیاند، درەنگانی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، هێزەکانی تورکیا ماڵی کەسێکی سڤیلیان ، لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کردووەتە ئامانج، لە گوندی “سویدیە”، لە باکوری گوندەواری عەین عیسا و زیانی مرۆیی و زیانی ماددی بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان گەیاندووە.
ناوبراو بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە بە ئامانجگرتنەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی: خالد حەنیفە و بەشار بەرەکات؛ و برینداربوونی: سەبری سەیدۆ (20 ساڵ)، عەزیز زەیدان (32 ساڵ)، و رەشید زەیدان (42 ساڵ).
لە 9ی ئەیلولدا “بەشار رەجەب نەزهان” بە بۆردومانێکی تورکیا کە گوندی ئەلخالیدیەی کردە ئامانج، لە گوندەواری عەین عیسا، گیانیلەدەستدا.
شارۆچکەی عەین عیسا، و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانیانەوە روبەڕووی تۆپبارانی چڕ بوەتەوە.