ئاسایشی رۆژئاڤا پیلانی هێرشێک بۆ سەر کامپی هۆل پووچەڵ دەکاتەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

شەوی سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پیلانێکی شانەیەکی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان پووچەڵکردەوە، کە ئامادەکاریان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر کامپی هۆل لە رۆژهەڵاتی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، شانەکە لە نزیک گوندی غەزیلە لە باکووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی هۆڵ جێگیر بووە و یەکە تایبەتەکانی “ئاساییش” چوون بۆ گەمارۆدانی ئەو شوێنە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، شانەکە لە 10 ئەندام پێکهاتبوو کە ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلیان پێبووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێكدادان لە نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و شانه‌كه‌ی داعشدا  نزیك بە بازگه‌ی گونده‌كه‌ روویداوە، له‌ ئه‌نجامدا ئه‌ندامێكی شانه‌كه‌ کوژراوە و چەند ئەندامێکی دیكه‌ش برینداربوون، ئه‌ندامانی دیکەی شانه‌كه‌ش ده‌ستگیركراون.

سەرچاوەکە پشتڕاستی کردەوە کە لە کاتی پێکدادانەکەدا یەکێک لە ئەندامانی شانەکە خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانیش کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی بارکردبوو تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئەندامێکی ئاساییش بریندار بووە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکی پاکماڵکردنیان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەکە ئەو هەڵمەتە بەردەوامە.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوەی: رەهەف یوسف