بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا: واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی “هەسەدە” بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانوستانەکاندا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، رەنگە واشنتۆن بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانوستانەکانی لەگەڵ دیمەشق.
شینکەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمریکا پێشتر دەستوەردانی کردووە و رەنگە بەردەوام بێت لە دەستوەردان، بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی “هەسەدە” لەسەر مێزی دانوستان بە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی”.
روونیشیکردەوە، “پێناچێت سوریا بەرەو فیدراڵیزم بڕوات، بەڵکو بەرەو دەوڵەتێکی مەركەزی یەکگرتوو دەڕوات”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت ببنە بەشێک لەو سوپایەی سەر بە حکومەتی سوریا لە دیمەشق، و لەژێر فەرماندەیی ئەودا کاربکەن”.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە رەنگە واشنتۆن لە رووی سەربازییەوە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام ئەمریکا “گەرەنتی سیاسی بۆ پاراستنی پڕۆژە سیاسییەکەی” لە رۆژئاوای كوردستان ناکات.
شینکەر ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی ئێستا یان داهاتووی ئەمریکا لە بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە.