هێرشكرایە سەر شەڕڤانانی “هەسەدە” و ئاسایش لە دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە چەند هێرشێک كرایە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە شاری دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە شەڕڤانانی “هەسەدە” لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە ماتۆڕسکیلەوە باڵەخانەی داواکاری گشتی و خاڵێکی پشکنینی هێزەكانی ئاسایشیان لە نزیک باڵەخانەکە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە پێکدادان لەنێوانیان روویدا و زیانی ماددی لێکەوتەوە و هێرشبەرەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتن.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشێكی دیكەدا بە ” ئاڕ پی جی” ماڵی شەڕڤانێكی “هەسەدە” لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور كرا ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێبكەوێتەوە.
لە شارۆچکەی خەشامی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بارەگایەکی سەربازیی “هەسەدە” لەلایەن چەکدارانی نەناسراو كرا ئامانج، و پێكدادان لە نێوان شەڕڤانان و هێرشبەران روویدا، و هێرشبەران بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتن.