هەوڵەکان لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە  بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرین

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە ئیبراهیم حەفتاڕۆ کارگێڕ لە “کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین” رایگەیاند کە هەوڵدەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان و حکومەتی دیمەشق، ئاوارەكانی عەفرین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بن.

دوای هێرشەكانی توركیا و میلیشیاكانی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ناوچەكانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، دەیان هەزار ئاوارەی عەفرین كە لە حەلەب نیشتەچێبوون دووبارە ئاوارە بوونەوە بۆ ناوچەكانی قامشلۆ و حەسەكە.

پێشتر لە ساڵی ٢٠١٨دا دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەی عەفرین و داگیركردنی ئەو شارە، خەڵكی عەفرین ئاوارە بوونە ناوچەی گوندەواری حەلەب كە لەژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانی “هەسەدە” بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستانیش دەڵێت: نزیكەی 300 هەزار كەس لە عەفرین ئاوارە بووە.

ئیبراهیم حەفتاڕۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێمە لە کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی عەفرین نامەیەکمان پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، و هەوڵەكانمان بەردەوامە و پەیوەندیمان لەگەڵ ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا كردووە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.

حەفتاڕۆ داوای كردووە ئاوارەکانی عەفرین بە شکۆمەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئاماژەی بەوەشکردووە، كە پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان كردووە بۆ هەماهەنگی و گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرین.

راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی دیمەشق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات لە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لە دیمەشق و دەرعا و شارەکانی ترەوە هاتوونەتە رۆژئاوای كوردستان، و “خەڵكی عەفرینیش بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی باوباپیرانیان”.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش