فەرماندەی “هەسەدە” پێشوازی لە نێردەی بەریتانیا كرد

حەسەكە – نۆرس پرێس

جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، كە پێشوازییان لە ئان سنۆ، نێردەی بەریتانیا بۆ سوریا کرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم  دیدارە دەربڕی.

دوێنێ سێشەممە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، پێشوازی لە ئان سنۆ، نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ سوریا، و شاندی یاوەری كرد، ئەو شاندەی بەریتانیاش یەكەم شاندی فەرمییە دوای رووخانی ئەسەد كە سەردانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن.

عەبدی لە تویتێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “X” رایگەیاند، “خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە ئان سنۆ نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ سوریا،”، ڕوونیشیکردەوە، گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە ئایندەی سوریا و شەڕی دژی تیرۆر کردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “گرنگی هاوکارییەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردەوە، و رایگەیاند، چاوەڕێی بەردەوامبوونی گفتوگۆ دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە و بەردەوام”.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی