ئەردۆگان داوا لە جیهان دەکات هاوکاری تورکیا بکەن بۆ دروستکردنی ئۆردوگاکان
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە وڵاتانی جیهان كرد، پشتیوانی لە هەوڵەكانی توركیا بكەن بۆ بنیاتنانی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەمەش لە میانی وتارێکیدا هات لەبەردەم ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
ئەردۆگان وتی: چاوەڕێ دەکەین هەمووان هەوڵی پێویست بدەن و هاوسۆزی نیشان بدەن سەبارەت بەو پرۆژەی نیشتەجێبوونەی کە لە سوریا جێبەجێی دەکەین “بەپێی ئەوەی ئاژانسی ئەنادۆڵ گواستیەوە.”
لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئەردۆگان پرۆژەی گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیاوە بۆ سوریا راگەیاند دوای ئەوەی لە 13 ناوچەی رۆژئاوای کوردستان شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستکرد.
سهرۆک کۆماری تورکیا یۆنانی تۆمهتبار کرد به گرتنهبهری رێبازێکی بێباکانه له بهرامبهر پهنابهران و به ئهنقهست خنکانیان له دهریای نێوان ئهو دوو وڵاته.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی پەنابەران بە “نقومکردنی بەلەمی خەڵکی بێتاوان کە بەدوای داهاتوویەکی باشتردا دەگەڕێن بە لێگەڕانیان بۆ مردن یان فڕێدانیان لە شوێنەکانی دەستبەسەرداگرتن” چارەسەر ناکرێت.
لە 6ی ئایاردا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو، نیازی تورکیای بۆ دروستکردنی نزیکەی 250 هەزار خانوو لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی وڵاتەکەیدا دێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سووریا.