سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ڕه‌وشى كورد لە سوریا و هه‌وڵه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا‌ تاوتوێ دەكەن

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆز دانيال ڕوبنستين باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق، ڕه‌وشى كورد لە سوریا و هه‌وڵه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا‌، تاوتوێ دەكەن.

ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه،‌ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز باڵيۆز دانيال ڕوبنستين كرد كه‌ كاره‌كانى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا تاوتوێ كرا و ده‌ربارى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵ و ڕێكاره‌كانى ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، هه‌ردوولا گفتوگۆى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند، هه‌روه‌ها هيوايان خواست لايه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نزيكترين كاتدا بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سووريا و ڕه‌وشى كورد له‌و وڵاته، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا‌ خرايه‌ به‌ر باس.