وتەبێژی پێدەرسن بۆ نۆرس پرێس: بەدواداچوون بۆ دانوستانەکانی نێوان دیمەشق ورۆژئاوای كوردستان دەکەین

دیمەشق – نۆرس پرێس

جێنیفر فینتۆن وتەبێژی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان و هەوڵەکانی دانوستانی نێوان دیمەشق و رۆژئاوای كوردستان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: “هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەڕێگەی دانوستانەکانەوە بگەنە رێككەوتن، و هانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوریا و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین کە کاربکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی راستەقینە”.

فینتۆن جەختی لە “پێویستی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری كردەوە بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگاداری پێکهێنانی لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی نیشتمانین كە راوێژکارییەکان لە پارێزگاکان بەردەوام بۆ ئەم مەبەستە دەكەن، و رایگەیاند، “ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆسە دەکەین”.

وتەبێژی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا جەختی لەوە کردەوە کە “بەڕێوەبردنی پرۆسەی گفتوگۆی شەفاف و باوەڕپێکراو و گشتگیر بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی گشتی لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی”.

دوێنێ سێشەممە، گییەر پێدەرسن، نێردەی تایبەت بۆ سوریا گەیشتە دیمەشق و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر هەموو تەوەرەكانی گواستنەوەی سیاسی بكات بە سەرۆکایەتی سوریا.

 داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە