“هەسەدە” جەخت گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

هێزەکانی سوریای دیموکرات، دوێنێ سێشەممە، لە میانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیدا کە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، جەختیان لە گرنگی گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ دیمەشق کردەوە.

رۆژی دووشەممە، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزاری سوریا کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵات، هەروەها ئاشکرای کرد کە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك لە بەرژەوەندی نیشتمان.

“هەسەدە” لە راگەیەندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، رایگەیاندووە، “رۆژی دووشەممە، کۆبوونەوەی هەماهەنگیی ئاساییان لەگەڵ هەردوو ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، و دۆخی سوریا و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ كراوە، هەروەها باسیان لە بەرەوپێشچوونی دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق كردووە”.

روونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دەستپێکردنی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ناوخۆیی لە سەرجەم شارەکانی رۆژئاوای كوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرایەوە، بەهەمان شێوە لەگەڵ نوێنەر و كەسایەتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە ئامانجی بەشداریكردنی کاریگەر و هەمەلایەنە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسیدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگی گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ دیمەشقیش باسكراوە، راشیگەیاند، بەشداربووانی كۆبونەوەكە ئامادەیی خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم گفتوگۆیە دەربڕی، هەروەها بە پێویستیان زانی  چارەسەرێک بۆ وردەکاری و پرسەكان بدۆزرێتەوە، لەڕێگەی ڕێککەوتنێك و گەیشتن بە میکانیزمێکی گونجاوی، و چارەسەرکردنی هەموو پرسە كێشە لەسەرەكان لەڕێگەی گفتوگۆوە.

بەپێی بەیاننامەكە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر پێویستی گەیشتن بەرێكەوتنی ئاگربەست كراوەتەوە، وەک پێویستیەک بۆ پێشکەوتنی گفتوگۆکان، هەروەها داوا لە ئیدارەی نوێی سوریا كرا کە بەرپرسیارێتی خۆی دەربڕیت.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی