قامشلۆ.. میدیاكاران ئیدانەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژنامەنووسان دەكەن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە ژومارێک لە میدیاكاران و چالاکانی یاسا و مافی مرۆڤ لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا لە دژی هێرشەكانی تورکیا و میلیشیاكانی سەر بە ئەنقەرە کە رۆژنامەنووسانیان دەكەنە ئامانج.
شەممەی رابردوو، رۆژنامەنووس عەگید رۆژ لە بۆردومانێکی تورکیادا لە بەنداوی تشرین گیانی لەدەستدا.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سێ رۆژنامەنووس لە هێرشەكانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هەشت ڕۆژنامەنوسی دیکە لەکاتی رووماڵكردنی هەواڵەکان برینداربوونە.
دلیار جزیری هاوسەرۆکی یەکێتی میدیای ئازاد بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، تا ئێستا 31 رۆژنامەنووس لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای كوردستان لە میانی روماڵی ڕۆژنامەوانیدا گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 17 رۆژنامەنوس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا، سێ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و هەشت رۆژنامەنووسی دیكە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین برینداربوونە.
ئەم خۆپیشاندانەی بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری قامشلۆ لە لایەن یەکێتی میدیای ئازاد و یەکێتی میدیای ژنان و رێکخراوی مافی مرۆڤ لە سوریا رێکخراوە.
خۆپیشاندەران بە ئامانجگرتنی رۆژنامەنووسانی رۆژئاوای كوردستانیان ئیدانە کرد و ئەم هێرشانەیان بە “تاوانی جەنگ” ناوبرد.
خۆپیشاندەران نامەیەکیان رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان كرد، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم پێشێلکارییانە بهێنێت و رۆڵی کاریگەرانەی خۆی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی رۆژنامەنووسان بخاتەگەڕ.
ڕۆژنامەنووسانی ناڕازی لە نامەکەیاندا هەروەها داوایان لە ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی رۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهان کردووە رۆڵ بگێڕن لە فشارخستنە سەر تورکیا و لایەنەکانی دیکە بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان لە سوریا بە گشتی.