ئاسمانی ئەمریکا: رووسیا دوای شکستهێنانیان لە ئۆکرانیا لە سوریا شەڕانگێزتر بووە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشهممه، فهرماندهی هێزی ئاسمانی ناوهندی ئهمریکا ڕایگهیاند که هێزهکانی رووسیا لەدوای شکستی “لەشکرکێشی”کەیان لە ئۆکرانیا، ئێستا له سووریا “شەڕانگێزتر” بوون، هۆکارەکەشی بۆ ئەفسەرانی رووسیا گەڕاندەوە، کە نەیانتوانی شەڕەکانی ئۆکرانیا، بەڕێوەببەن و ئێستا بەدوای سەرکەوتندا دەگەڕێن لە سوریا.
ژەنەڕاڵ ئەلێکسۆس گرینکێویچ ، لە میانی کۆنفرانسی فڕۆکەوانی و ئەلیکترۆنیدا، کە لە ویلایەتی ماریلاند لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، رایگەیاند، کە بوونی رووسیا لە سووریا “شەڕانگێزتر” بووە و هێزەکانی ئەمریکا شاهیدی “زیادبوونی فشارەکانن لە ئاسمان و لەسەر زەوی لەلایەن رووسەکانەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە راستیدا ئەوە کەمێک جێگەی نیگەرانییە، بەو پێیەی سەربازمان لەسەر زەوی هەیە و فڕۆکەی چەکداری رووسیاشمان هەیە کە بە ئاسماندا دەفڕن، فڕۆکەوانی ئاسمانی رۆژانە لە پەیوەندی نزیکدا لەگەڵ رووسەکان، رێگرییان لێدەکەن و یاوەرییان دەکەن و دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە هێزەکانمان لەسەر زەوی سەلامەتن لە سوریا و عێراق، لە کاتێکدا بەردەوامن لە شەڕکردن دژ بە داعش.”
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین پێکدادان و بەرکەوتن لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و رووسیا لە ناوچەکانی باکووری سووریا ڕوویدا.
ئەم بابەتە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی رووسیا لە ناوچەکە دوای لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، روویدا، وتەبێژی پنتاگۆن لەو کاتەدا، جۆناسان هۆفمان، رایگەیاند کە سوپای ئەمریکا لە سووریا دەمێنێتەوە و ئارەزووی خۆیان بۆ پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ هاوتا رووسییەکانیان پشتڕاست کردەوە بۆ ئەوەی پێکدادان لە نێوان هەردوولادا ڕوونەدات.
فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هۆکاری ئەم چالاکییەی ئەم دواییەی رووسیای بۆ “کەسایەتییەکانی ناو سەرکردایەتی رووسیا لە سووریا” گەڕاندەوە، هەروەها وتی کە هەندێک لەو ئەفسەرانە “لە ئۆکرانیا شکستیان هێنا و هەوڵدەدەن جارێکی دیکە ناو بۆ خۆیان دروست بکەنەوە، بۆ گەڕاندنەوەی پێگەیان لەناو هێزە چەکدارەکانی ڕووسیادا.”
وتیشی: پێموانییە سەرکەوتوو بن، بەڵام هەوڵی ئەوە دەدەن.