“هەسەدە” کوشتنی دوو ئەندامی داعشی لە باشووری حەسەکە راگەیاند
حەسەكە – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی دوو ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان راگەیاند، ئەویش لە بەرپەرچدانەوە هێرشێكی داعشدا بۆ سەر خاڵێكی شەڕڤانان لە باشووری حەسەکە.
“هەسەدە” کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، “بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دوو تیرۆریستی داعش لە کاتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر خاڵێكی سەربازی هێزەکانمان، لە باشووری شاری حەسەکە کوژران”.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو دوو تیرۆریستە هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو خاڵە سەربازییەکە، بەڵام شەڕڤانان چاودێری جوڵە تیرۆریستانیان دەکرد، کاتێکیش ئەو تیرۆریستە تەقەیان لە خاڵە سەربازییەكە کرد، شەڕڤانان بەرپەرچیان دایەوە، و هەردوو تیرۆریستەكە كوژران.
لە کۆتایی راگەیێندراوەكەدا هاتووە، کە شەڕڤانان بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی شانەکانی داعش لە هەموو ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان.