عێراق و سوریا هەماهەنگی دەکەن لە پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانیاندا

هەولێر – نۆرس پرێس

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەیەک کرد کە دوێنێ دووشەممە لە نێوان فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق و سووریا بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر هەماهەنگی بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان کرایەوە.

ڕۆژی دووشەممە، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق حامەد ئەلحوسێنی، رایگەیاند؛ لەگەڵ هاوتا سورییەکەیدا غەسان مەحمود، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کە درێژییەکەی نزیکەی 600 کم دەبێت.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیای فەرمی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەکە “گرنگ” بووە، هەروەها تاوتوێی بەرپرسیارێتی و کاری هاوبەش کراوە و زانیاری ئاڵوگۆڕ کراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەر پێشێلکاری و کردەوەیەکی قاچاخ.

بە وتەی خەفاجی، لە کۆبوونەوەکەدا رێکار و تواناکانی هەردوولا تاوتوێ کرا؛ بە تایبەت ئەوەی کە عێراق پێی هەستاوە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان بە دانانی بەربەست و تەلی دڕکاوی و تاوەری چاودێری.

كۆبوونەوەكە لە بارەگای پاسەوانی سنووری عێراق بەڕێوەچوو.

خفاجی وتی “لەو ماوەیەدا باسیان لە هەماهەنگیی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زانیاری و راوەدوونانی داعش كردووە”.

خەفاجی ئاماژەی بەوەدا کە “عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سوریا، توانیویەتی سنوورەکان بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات و رێگری لە هەر کردەوەیەکی قاچاخ بکات.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر