شاندی ئیمرالی ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یان گەیاندە سەرۆك مەسعود بارزانی

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندی ئیمرالی كرد و شاندی ئیمرالی ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یان گەیاندە سەرۆك بارزانی.

ڕۆژی یەكشەممە، بارەگای بارزانی رایگەیاند، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی پەروین بولدان و سری سورەیا ئوندەر كرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. هەروەها شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام. سەرۆك بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.