ئاسایش بۆ نۆرس پرێس: ترسی ناسەقامگیری لە مەترسیدارترین كەمپی جیهاندا هەیە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، قارەمان موڕاد، سەرکردە لە فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ترسی ناسەقامگیری لە کەمپی هۆلی باشووری شاری حەسەکە هەیە، کە دەیان هەزار خێزانی ئەندامانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ی تێدایە”.

ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا، ناسەقامگیری لەناو کەمپی هول درستبووە و ترس لە رۆژانی داهاتوودا هەیە.

موڕاد، كە پلەی عەقیدە لە هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، ڕوونیکردەوە کە کەمپی هۆل نزیکەی 55 هەزار کەسی تێدایە و سەرجەمیان كەسوكاری ئەندامانی داعشن، و بە مەترسیدارترین کەمپی جیهاندا دادەنرێت، و دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا، نیگەرانی جددی لەسەر دۆخی کەمپەکە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای لێدوانی بەڕێوبەرایەتی كەمپەكە بۆ دەرچوونی خۆبەخشانە لە كەمپ، جۆرێک لە مەترسی هەبوو، جگە لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ڕێکخراوەکان لە کەمپی هۆل، كە بووە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوکاری ڕۆژانە بە ڕێژەی 100%”.

ئاشکراشی کرد، ترس لە بەشی ئاوارەکانی عێراقدا هەیە کە كەمپەكە بەجێبهێڵن و دوای جێهێشتنی ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، رەنگە دەستگیر بكرێن و بكوژرێن.

ئەو سەرکردەیەی ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردوە، رێژەی تاوان لە کەمپی هۆلی باشووری حەسەکە بەراورد بە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کەمپی هول لە ماوەی ساڵانی 2022 و 2023دا مانگانە کوشتنی تێدا ئەنجامدەدرا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2024دا ڕێژەی ئەو تاوانانە کەمیکرد، ئەویش لە ئەنجامی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە ئەمنییانەی کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە بە هاوکاری ئاسایش لە ناو کەمپی هۆل ئەنجامدەدران”.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە