دوای دوو هێرش لە دێرەزوور هێزە ئەمنییەكانی سوریا ئۆپەڕاسیۆنێكی ئەمنییان لە رۆژئاوای فورات ئەنجامدا
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، هێرش کرایە سەر هێزە ئەمنییەكان و بارەگایەکی سەربازی حكومەتی راگوزاری سوریا و برینداربوونی پێنج لە ئەندامەکانیان، حكومەتی سوریا هێزێكی سەربازیی گەورەی ناردە رۆژئاوای رووباری فورات لە گوندەواری دێرەزوور و چەند کەسێکیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لە شارۆچکەی قۆرییەی گونەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، تەقە لە هێزە ئەمنییەكان كرا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەكە برینداربوون”.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشێکی دیکەدا بارەگایەکی هێزە ئەمنییەكان لە شارۆچکەی مەیادیینی گوندەواری دێرەزوور كرا ئامانج و لە ئەنجامدا دوو ئەندام برینداربوون.
دوی ئەو هێرشانە حكومەتی راگوزار هێزێكی سەربازیی ناردە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، و دوو برای بەناوەكانی عومەر و کروم خابور عەسكەریان لە شاری مەیادیین بە تۆمەتی بە ئامانجگرتنی بارەگای هێزە ئەمنییەكان دەستگیرکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، “عەبدولحەمید ئەلقومان”یش لە شارۆچکەی قۆرییە بە تۆمەتی بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەكان دەستگیرکراوە، كە یەکێکە لە دیارترین بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە دێرەزوور”.