راگەێنراوی ئەنجومەنی ژنانی رۆژئاڤا دەربارەی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی بزووتنەوە و رێکخراوەکانی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان، لە باخچەی خوێندنەوەی شاری قامیشلۆ، راگەێنراوێکیان پێشکەش بە رای گشتی کرد سەبارەت بەو تاوانەی کە بەرامبەر بە کچە  کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان “ژینا ئەمینی” کراوە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “ئەو تاوانە قێزەونەی کە لە ڕێکەوتی 16ی ئاب لە لایەن بەناو پۆلیسی ئەخلاقی رێژیمی ئێرانەوە بەرامبەر بە ژنە لاوی کورد مەهسا ئەمینی (ژینا ئەمینی) ئەنجامدرا، کە بووە هۆی ئەوەی لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیە لە زیندان گیانی لەدەست بدات، جگە لە درێژ پێدانی رێبازی سەرکوتکەرەی کە رژێمی ستەمکاری ئێران پەیڕەوی دەکات، هیچی تر نییە.”

لە هەمان راگەێنراودا هاتبوو، “ئەو کردەوانەی رژێمە ستەمکارەکانی جیهان ئەنجامی دەدەن و لە لایەن بزووتنەوە توندڕەوەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، وەک ئەوەی لە ئێران و ئەفغانستان و سوریا و تورکیا و وڵاتانی دیکە لە دژی گەلان و بەتایبەت ژنان پەیڕەو دەکرێن، هەروەک ئەوەی کە داعش لە دژی ژنانی ئێزیدی و ئاشوورییەکان ئەنجامی داوە ، و ئەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە دژی ژنە شەڕڤانێکی ئەرمەنی روویدا، لە کوشتن و یاریکردن بە ئەندامانی جەستەی لەلایەن دەسەڵاتی ئازەربایجانەوە، بەرهەمی عەقڵیەتی نکۆڵی و دوورخستنەوەیە کە دان بەوی دیکەدا نانێت و ئازادی و مافەکان سنووردار دەکات.”

ئەنجومەنەکە وتیان، ئەو تاوانەی دژ بەو “ژینا” ئەنجامدرا پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو رێککەوتننامە و نۆرمە نێودەوڵەتیەکانە.

هەروەک وتیشیان، لەو سۆنگەوە کە پرسی ژنان پرسێکی سەرەکییە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا و سنوور ناناسێت، ئێمە بە ناوی پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە رۆژئاوای کوردستان، سەرکۆنەی ئەم تاوانە دەکەین و داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، بۆ بە بەڵگەنامەکردنی ئەم پێشێلکاریانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانیان لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکاندا.”

لە کۆتاییدا داوایان لە هەموو ژنانی جیهان کرد کە خەباتیان خێراتر بکەن لە بەرامبەر زەریای تاریک و عەقڵیەتی ستەمکارانەدا کە بەدوای جینۆساید و کوشتنی ژناندا دەگەڕێت.

کۆتا دێڕی راگەێنراوەکەش بەمشێوە بوو: “شکۆ و ئارامی بۆ گیانی پاکی شەهید ژینا ئەمینی و شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتی پاوانخوازی ئێران”.

ئامادە و داڕشتنەوەی: بەهزاد ئەحمەد