نێچیرڤان بارزانی لە میونشن لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کۆبووەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ لە شاری میونشنی ئەڵمانیا 61ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد، و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە و چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و وەزیرانی دیاری وڵاتان ئەنجامدا.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران؛ هەروەها هەردوولا باسيان له‌ چۆنێتيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش، تەکنەلۆژیا و پەروەردەدا كرد.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئیستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، هه‌روه‌ها ستایشی دەرفەتەکانی هاوکاری لەبواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان هەردوولادا کرد.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان، پێشهاتەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.

ئالار کاریس بە فەرمی بانگێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ وڵاتەکەی کرد.

لە کۆبوونەوەكی دیكەدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سه‌رۆكى كۆمسيۆنى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى ستايشى پشتگيريى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى سوورياش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

ئورسولا وێڕای پیرۆزبایی بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، بۆچوونه‌كانى نێچيرڤان بارزانی ده‌رباره‌ى دۆخى سووريا و ناوچه‌كه‌ی به‌گشتى، به‌ جێى بايه‌خ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها ستايش و پێزانينى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانيه‌تيى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش دووپات كرده‌وە و ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى ڕۆڵ و به‌شداريى ئافره‌ت له‌ شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.

هەر لە میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا کۆبوونەوە.

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ گويدۆ كرۆسێتۆ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبەشى نێوان هه‌ردوولا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشيان تاوتوێ كرد.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پشتگیرییە دووپات کردەوە کە ئیتاڵیا لە بواری ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيی دژى داعشدا پێشکەشی دەکات، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێويستيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش كرده‌وه‌.

لاى خۆیەوە، وەزیری بەرگريی ئیتاڵیا جەختی لەسەر گرنگيی هاوبەشيی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌نديى وڵاتەکەی بۆ بەردەواميی پشتگیريی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاريی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌.

دوايين پێشهاته‌ ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، به‌تايبه‌تى دۆخى سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

له‌ چوارچێوه‌ى كارنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگريی ئەڵمانیا، باسيان له‌ پەیوەندییەکانی ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد و ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچەکە به‌تايبه‌تى سووريا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ يارمه‌تيدان و پشتيگريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها جه‌ختى له گرنگی و پێويستيى هه‌رێمى كوردستان به‌ بەردەواميی ئەم هاوکارییانه‌ کرده‌وه‌.

لاى خۆیەوە، وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا پابەنديى ئەڵمانیای بە پشتگیريی هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌ڵمانياى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن حوسێن عەبدوڵڵا سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردنیش کۆبووەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئوردون و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خسته‌ سه‌ر چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی ئوردونیی هاشمی کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری ئوردون لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتیدا کرد، هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ئوردون دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە، ئەیمەن ئه‌لسەفەدی پابەندیی ئوردونی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد، هەروەها جه‌ختی له‌ گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەرێمایەتییەکان کرده‌وه‌.

پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

هه‌ر له‌ درێژه‌ى كارنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ دۆستى دێرينى كوردستان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پيرانى ئه‌مه‌ريكا سيناتۆر كريس ڤان هۆڵن، سوپاسى پشتگيريى به‌رده‌وامى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ سيناتۆر هۆڵن ستايشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد و به‌رده‌واميى پشتيوانيى كۆنگرێس و دۆستانى گه‌لى كوردستانى له‌ ئه‌مه‌ريكا بۆ هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه‌.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و لێكه‌وتەکانی لە ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ د. محه‌ممه‌د خلێفى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و سووريا به‌تايبه‌تى.

هه‌ردوولا پشتگيرييان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ سووريا دووپات كرده‌وه‌ و پرسى كورد و پێكهاته‌كانیان له‌ سوورياى تازه‌دا، خستە بەر باس. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتووى سووريادا كرده‌وه‌.

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى چالاكییه‌كانيد‌ا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ هانز جۆرج ئه‌نگه‌لكه‌، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى ناوخۆی ئەڵمانیا، باسيان له‌ هاريكاريى هاوبه‌شيى ئه‌منيى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ هاوكاريى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى پرسى كۆچبه‌ران و كۆچى ناياسايى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سەر په‌يوه‌ندييه‌كان هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

له‌ ديداره‌كه‌دا وێڕاى سه‌ركۆنه‌كردن، نێچيرڤان بارزانى، هاوسۆزيى خۆى بۆ گەل و دەوڵەتی ئه‌ڵمانيا و كه‌سوكارى قوربانیانی هێرشه‌ تيرۆرستييه‌كه‌ى ميونشن ده‌ربڕى كه‌ له‌ ئه‌نجامى هێرشێك به‌ ئۆتۆمبيل، ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى بريندار بوون.

کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌باح، سه‌رۆكوه‌زيرانى كوێت.

په‌يوه‌ندييه‌كانى كوێت له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌يان، تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا ستايشى په‌يوه‌ندييه‌ مێژوويييه‌كانى كوێت و هه‌رێمى كوردستانيان كرد و جه‌ختيان له‌ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و دوورخستنه‌وه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزى.

ده‌رباره‌ى دۆخى سوورياش، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاته‌كه‌ و پاراستنى مافى ته‌واوى پێكهاته‌كانى كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشيان به‌ پێويست زانى.

هه‌ر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز د. عەبدوللەتیف بن ڕاشد ئەلزەیيانی، وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە.

هەردوولا پەیوەندییەکانی بەحرەینيان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها باسيان له‌ چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاريی دوولايه‌نه‌ لە بوارە هاوبەشەکاندا كرد.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاريی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا کردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی سەقامگیريی ناوچه‌كه‌دا کرد.

لاى خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین خواستى وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

هەروەها هەردوولا ده‌رباره‌ى دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد.