دوای سەردانە ناوخۆیی و دەرەکییەكان… دیالۆگی کورد – کورد بە كوێ گەیشت؟

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دانیشتوان و چاودێران چاوەڕوانی گەڕانەوەی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو لایەنە كوردییەكەی رۆژئاوای كوردستانن كە یەکێتی نشتیمانی کورد و ئەنجوومەنی نشتیمانی كوردە لە سوریا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و شاندەکانی فەرەنسا و ئەمریکا و سەرۆك مەسعود بارزانی، دێت.

سەردانەکەی دکتۆر عەبدولحەمید دەربەندی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ حەسەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و سەردانەکەی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی هەرێمی کوردستان و كۆبونەوەی لەگەل سەرۆك بارزانی، هیوای گەورەتری خستە ناو دڵی كوردەكان بۆ خێراترکردنی گەڕانەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو لایەنە كوردەكەی رۆژئاوای كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی دیالۆگی كوردی- کوردی، بەڵام دوای دوو مانگ لە كۆبونەوەی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و سەرۆك بارزانی، ئەو دوو لایەنە كوردییەی رۆژئاوای كوردستان کۆبوونەوەیان نەکردووە.

عەبدی نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر دەستپێشخەریی دیالۆگی کوردی – كوردی لە نێوان پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستپێکرد بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان، و دوای گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی كۆبونەوەكان وەستان، هەر لایەنێک یەكترییان تۆمەتبار دەكرد کە ئاستەنگ دەخەنە بەردەم دیالۆگەكە، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد، ئەو پرسە بووە پرسێكی كوردی بۆ هەر جوار پارچەی كوردستان، بۆ یەکخستنی گوتار و دیدگای سیاسی کوردەکانی سوریا.

سەما بەکداش، وتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکرات کە گەورەترین پارتی هاوپەیمانی یەكێتی نیشتمانی کوردە لە سوریا، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا “ئامادە نییە بۆ گفتوگۆی کوردی”.

بەکداش ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان وەك پارتەكانی یەکێتی نیشتمانی كورد لە سوریا “ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کورد –  کورد، بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، پێدەچێت لایەنی بەرامبەر ئامادە نەبێت”.

لە کاتێکدا فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی “ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا”، رایگەیاند، گفتوگۆی کورد – کورد “یەکێکە لە گرنگترین پرسەكانمان”.

یوسف بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكردووە، ” ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لە بنیاتنانی پێگەیەکی یەکگرتووی کوردی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنەكەیان ” پەرۆشە لەسەر سەركەوتنی هەوڵەكان بۆ پێکهێنانی شاندێکی یەکگرتووی کوردی و دیدێکی سیاسی هاوبەش بەبێ ئەوەی بچێتە ناو مشتومڕ و وردەکارییەکان لەڕێگەی میدیاوە”.

لە چوارچێوەیەکی دیکەدا، سامە بەکداش ئاماژەی بەوەدا کە لایەنەکانی یەکێتی نیشتمانی كورد لە سوریا بەردەوامن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردی لە رۆژئاوای كوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، بانگهێشتنامەیان بۆ “ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد” ناردووە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەدا، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە جیاواز نییە لەگەل دیالۆگی كوردی، ئامانجیشی لێی بەشداری كردنی هەموو لایەن و کەسایەتییەکانی دەرەوەی ئەو دوو چوارچێوەیە.

ناوبراو ئاماژەی بە چەند دەستپێشخەرییەک کرد کە کەسایەتی و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ خێراترکردنی دیالوگ و یەكدەنگی کوردەكانی سوریا ئەنجامیان داوە، هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەبێ مەرج لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.

ئەو دوو پارتە کوردییە هیچ وادەیەکی دیاریکراویان بۆ کۆبوونەوە نەخستەڕوو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە داواکاریی جەماوەری بۆ خێراترکردنی گفتۆگۆكان زیاتر بووە و ترسی ئەوە هەسە رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی دەستکەوتەكانی كورد لە سوریا.

ئامادەکردنی: عەبدولسەلام خۆجە – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش