دوو هێرش كرایە سەر شەڕڤانانی “هەسەدە” لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی پێنجشەممە، چەکدارانی نەناسراو خاڵێکی پشكنین و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردە ئامانج، لە گوندەواری دێرەزووری رۆژهەڵاتی سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی نزیک لە شەڕڤانانی “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بۆمبێكیان بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە”دا تەقاندوەتەوە، لەکاتی تێپەڕبوون بە ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی ئەبو حەسەن لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، تەقینەوەکە بووەتە هۆی برینداربوونی شەڕڤانێك و زیانێکی ماددی بە ئۆتۆمبێلەكە گەیشتووە.

لە شارۆچکەی خەشامی گوندەواری باکووری دێرەزوور، دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە خاڵێکی سەربازی شەڕڤانانی “هەسەدە” کرد، و هیچ زیانێکی ماددی و مرۆیی لێنەكەوتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “هەسەدە” دوای ئەو رووداوانە دەستی بە گەڕان و پشكنین كرد لە گوندەواری رۆژهەڵات و باکووری دێرەزوور، و پێی وابوو کە شانەکانی داعش لە پشت ئەو دوو هێرشەبن.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان