شێبانی: حکومەتی داهاتوو نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی سوریا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەسعەد شێبانی، وەزیری کاروباری دەرەوە لە حكومەتی راگوزاری سوریا رایگەیاند، حکومەتی داهاتووی مانگی ئازار نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی سوریا دەکات.
دوێنێ سێشەممە، شێبانی گەیشتە ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی لەگەڵ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات کۆبووەوە.
شێبانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “قەبس”ی کوێتی رایگەیاند، “ئێمە سیستمێکی ئابووریی وێرانبوومان بە میرات بۆماوەتەوە، و هەموو شارەزایەکی ئابووری ئاگاداری ئەم کێشەیەیە، سزایانەش بەسەر رژێمی پێشوودا سەپێندرابوو، بۆیە دەبێت سزاکان لەگەڵ رووخانی ڕژێمەکەدا لاببرێن”.
جەختیشی کردەوە، “دەبێت ئەوانی دیکە پشتیوانی سوریای نوێ بکەن و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا رازی بکەن بۆ ئەوەی ئەو سزایانە لەسەر سوریا لاببرێت کە بەهۆی رژێمی پێشووەوە سەپێنراون”.
شێبانی ئاماژەی بەوەشکرد، بنیاتنانی دەوڵەت و سوپا “پێویستی بە کاتێکی تەواو هەیە، لە هەفتەی یەکەمی ئازادکردنیشەوە بازاڕ و زانکۆکان کراونەتەوە و فەرمانبەران گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان”.
راشیگەیاند، کە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانی عێراقی پێگەیشتووە، و دەڵێت “بەم نزیکانە لە بەغدا دەبم”، سەبارەت بە ئوردنیش گوتی “پەیوەندیمان لەگەڵ ئوردن جیاوازە، چونکە کۆتاییمان بەو هەڕەشانە هێنا کە لە رابردوودا هەبوون”.