کۆبانی.. دەستەی پەروەردە و فێرکردن 6 قوتابخانەی نوێ بونیاد دەنێت

کۆبانی – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێک لە دەستەی پەروەردەی هەرێمی فورات بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند کە دەستیان کردووە بە دروستکردنی شەش قوتابخانەی نوێ لە گوندەوارەکان؛ بۆ دەستەبەرکردنی کورسییەکانی خوێندن بۆ خوێندکاران.

یەکشەممەی رابردوو، ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکانی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، دوای هەفتەیەک لە کاری ئیداری.

نەزیرە حاجی عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە لە هەرێمی فورات رایگەیاند، جگە لە دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیانە، لە پرۆسەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی پیشەسازیدان لە ماوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2022-2023 دا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی قوتابخانەکانی هەرێمی فورات گەیشتووەتە 636 قوتابخانە بۆ سەرجەم ئاستەکانی خوێندن.

ژمارەی ئەو خوێندکارانەی ئەمساڵ لە قوتابخانەکاندا ناویان تۆمارکردووە 63 هەزار خوێندکارن، لە کاتێکدا ژمارەی مامۆستایانی قوتابخانەکانی هەرێمی فورات بریتییە لە 3227 مامۆستا، هەروەها لە ماوەی داهاتوودا مامۆستای زیاتر دادەمەزرێن.

نەزیرە ئاماژەی بەوەدا کە دەستەکەیان لە ماوەی ساڵی خوێندنی ئێستادا دوو قوتابخانەی نوێی لە شاری کۆبانی کردەوە، لەنێویاندا قوتابخانەی سەرەتایی نمونەیی لە گەڕەکی کۆبانی نوێ، بەناوی شەهید “جگەرخوێن” و قوتابخانەیەکی پیشەسازیش لە ناوەندی شار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هۆی بۆردوومانی تورکیاوە، هەندێک جار ناچارن قوتابخانەکانی نزیک هێڵەکانی سنوور و گوندەکانی سنووریی لەگەڵ تورکیا دابخەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی