تەندروستی جیهانی: 60 تەن هاوکاری پزیشکی بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆلێرا لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، فڕۆکەیەک کە 30 تۆن پێداویستی پزیشکی هەڵگرتووە لە دیمەشقی پایتەخت نیشتەوە و سبەی چوارشەممە فڕۆکەیەکی دیکەی هاوشێوە بەدوایدا دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا کە لە وڵاتەکەدا بڵاودەبێتەوە .

ئەم راگەیاندنە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانییەوە و قەبارەی ئەو یارمەتییانەی کە ئاشکرای کردووە، دوای بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا هات.

ئەحمەد ئەلمەنزەری، بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق وتی: “دەسەڵاتی تەندروستی سووریا هەماهەنگی لەگەڵ ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا کە هەڕەشە لە سووریا و ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ و هەموو جیهان دەکات”. ئه‌لمه‌نزه‌ری ​​رایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌یه‌ك به‌ پاڵپشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی كه‌ نزیكه‌ی 30 ته‌ن پێداویستی پزیشکی هه‌ڵگرتبوو، بۆ پاڵپشتیكردنی ده‌سه‌ڵاتی ته‌ندروستی لە روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه‌دا، رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ سووریا نیشته‌وه‌.

بەپێی زانیارییەکانی ئەلمەنزەری، پێداویستییەکان بە شێوەیەکی یەکسان دابەشدەکرێن، لەوانە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان، هەروەها ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەو بەرپرسەی تەندروستیی جیهانی میکانیزمی دابەشکردنی یارمەتییە پزیشکییەکانی بەسەر ئەو ناوچانەدا باس نەکرد.

روونیشی كردەوە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی كار بۆ بەهێزكردنی چاودێری دەكات بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتەكان و پێدانی چارەسەری گونجاو بە نەخۆشەكان و شوێنپێهەڵگرتنی تووشبووان و بەركەوتەكانیان.

ئەلمەنزەری ئاماژەی بەوەشکردووە، 55٪ی دامەزراوە تەندروستییەکان لە سوریا کار ناکەن و نزیکەی 30٪ نەخۆشخانەکان هەندێک جار کار ناکەن؛ بەهۆی “نەبوونی کارەبا، کە ناچاریان دەکات مۆلیدە بەکاربهێنن، ئەویش بەردەوام بەردەست نییە.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر