سوپای ئیسرائیل رێڕەوێکی نێوان سوریا و لوبنان دەكاتە ئامانج

دیمەشق – نۆرسی پرێس

دوێنێ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل تونێلێکیان بۆردومانكردووە کە خاکی سوریا و لوبنانی بەیەكەوە دەبەستەوە، و حزبوڵای لوبنان بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکاری دەهێنا.

هەر دوێنێ ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازیی خەلخەلەی لە گوندەواری باکوری سوەیدای باشووری سوریا بۆردومانكرد، لە هێرشێكی دیكەدا سوپای ئیسڕائیل کۆگاکانی چەکی لە یەکێکی سەربازی رژێمی پێشووی سوریای بۆردومانكرد.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێرشە ئاسمانیەکە کە بە وردی و بەهاوكاری هەواڵگری ئەنجامدراوە، و تونێلێكی ناوچەی بەقعە كراوەتە ئامانج، کە ڕێڕەوێکە بوو حزبوڵای بۆ گواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازی لە نێوان سوریا و لوبنان بەکارهێنراوە”.

لە بەیاننامەکەدا روونیشیكردووەتەوە کە “سوپای ئیسرائیل رێگری لە نۆژەنكردنەوە و دووبارە بەکارهێنانی دەكات و پێشتریش تونێلەکە کراوەتە ئامانج”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “فڕۆکە ئیسرائیلییەکان هێرشیان كردۆتە سەر چەند شوێنێکی سەر بە حزبوڵای لوبنانی، کە بریتی بوون لە سەکۆكانی مووشەکی هاوێژ و کەرەستەی شەڕ”، ئاماژەی بەوەشکرد، کە “مەترسی ڕاستەوخۆیان هەبووە”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد