155 خێزانی عێراقی كەمپی هۆل بەجێدەهێڵن
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە 155 خێزانی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کەمپی هۆلیان لە باشووری حەسەکە بەجێهێشت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە عێراقییەكان لە کەمپەکەدا، ئەمە 21ەمین كاروانی گڕاندنەوەیە، و سێیەمین كاروانە لە سەرەتای ئەمساڵی 2025.
شوکری حەجی، بەرپرسی نوسینگەی دەرچووان لە کەمپی هۆل بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ژمارەی لەم كاروانە كە لە كەمپەكەدا دەردەچن ١٥٥ خێزانن، كە ژمارەیان بە گشتی ٥٦٩ کەسە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی دیكە، بە هەماهەنگی نێوان بەڕێوبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی عێراق بەردەوامە”.
ئەو كەسانەی دەگەڕێنەوە عێراق دەگوازرێنەوە کەمپی جەدعە لە شاری موسڵ، کە حکومەتی عێراقی بۆ ئاوارەكانی كەمپی هۆل دیاری کردووە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوبەرایەتی كەمپی هۆل، ژمارەی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی لەناو کەمپی هۆل ماونەتەوە نزیکەی ١٥ هەزار كەسە، پێشبینیش دەکرێت مانگانە دوو كاروان بنێردرێتەوە عێراق.