نەمسا دەستپێکردنی کشانەوەی مافی پەنابەری لە 2,400 هاوڵاتی سوریا رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی ناوخۆی نەمسا دوێنێ هەینی رایگەیاند کە دەستیان بە ڕێکارەکان کردووە بۆ کشانەوەی مافی پەنابەری لە نزیکەی ٢٤٠٠ پەنابەری سوریا.

وەزارەتی ناوخۆی نەمسا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەر داواکارییەکی نوێی پەنابەری لە لایەن هاووڵاتیانی سووریاوە لە ئێستادا تۆمار دەکرێت بەڵام جێبەجێ ناکرێت.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا، لەدوای راگەیاندنی ڕێوشوێنە نوێیەکانەوە، نزیکەی 80 کەس بە ئارەزووی خۆیان نەمسایان بەجێهێشتووە.

گێرهارد کارنەر وەزیری ناوخۆی نەمسا سیاسەتێکی نوێی سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا راگەیاند کە بریتییە لە راگرتنی بڕیارەکانی مافی پەنابەری و ئامادەکردنی بەرنامەیەک بۆ دیپۆرتکردنەوە یان گەڕانەوەیان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە.

بەپێی ئامارەکانی میدیای نەمسا، ژمارەی داواکارییەکانی پەنابەری  کە لەلایەن سورییەکانەوە پێشکەش دەکرێن لە مانگی یەکدا، بە ڕێژەی 55% کەمیکردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە