رۆیتەرز: رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق کۆدەبێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

سێ سەرچاوەی ئاگادار دوێنێ هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان راگەیاندووە، بڕیارە فێرناندۆ ئاریاس بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ بەرپرسانی سوریا لە دیمەشق کۆدەبێتەوە.

بڕیارە ئاریاس لەگەڵ ئەحمەد شەراع، سەرۆکی قۆناغی راگوزاری سوریا و ئەسعەد حەسەن شێبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆببێتەوە.

مەڕهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری نوێی سوریا، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، “باوەڕ ناکات” کە هیچ پاشماوەیەکی بەرنامەی چەکی کیمیایی لە سوریا مابیتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، ” ئەگەر شتێکیش مابایەوە ئەوە ئیسرائیل بۆردومانی کرد”.

رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی داوای لە دەسەڵاتدارانی سوریا کردووە کە هەموو ئەو شوێنانەی پارێزراو بكەن، هەروەها بەڵگەنامەكان بپارێزن.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە