کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکا: پنتاگۆن پلانی کشانەوە لە سوریا ئامادە دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە کەناڵی ئێن بی سی نیوز لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە پنتاگۆن پلانی کشانەوە لە سوریا ئامادە دەکات.
کەناڵەكە لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، كە وەزارەتەکە کار بۆ پلانێک دەکات بۆ ئەوەی سەرجەم هێزەکانی بكشێنێتەوە.
نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستانن کە ئەرکێکی هاوبەشیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.
بەرپرسان رایانگەیاندووە کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی نزیک لە خۆی لەم دواییانەدا ئارەزووی خۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەربڕیوە.
بەگوێرەی ئەو كەناڵەی ئەمریکا، ئارەزووی ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا “وایکردووە بەرپرسانی پنتاگۆن لە ماوەی 30 یاخود 60 یان 90 ڕۆژدا دەستبکەن بە ئامادەکردنی پلانەکان بۆ کشانەوەی هێزەكان”.