هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کەیسی گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن 22 ساڵ رایگەیاند، “گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی دوای ئەوەی بە نادادی دەستگیر دەکرێت لەسەر پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە، ناخ هەژێنە و سووکایەتییەکی گەورەیە بۆ مافەکانی مرۆڤ.”
ئەنجومەنەکە داواش دەکات، ئەوانەی بەرپرسیارن لە گیانلەدەستدانی ژینا، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپیدا هاتووە، “بیرمان لای کەسوکاری مەهسایە و دەبێت ئافرەتان لە ئێران مافی ئەوەیان هەبێت کە چی لەبەردەکەن و دەپۆشن، بەبێ ئەوەی تووندوتیژی یان دەستدرێژییان بکرێتە سەر. دەبێت ئێران کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەتان بهێنێت کە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان پەیڕەو دەکەن. دەبێت لێپرسینەوە لە گیانلەدەستدانی مەهسا بکرێت.”
ژینا ئەمینی، دانیشتووی سەقز، رۆژی سێشەممەی رابردوو 19ی ئەیلوول لە تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە رێکارەکانی باڵاپۆشییەوە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و لە زیندان تەندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە نەخۆشخانە. رۆژی هەینیی رابردوو لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان کرا و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا.
ئەو لێدوانە نوێیەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 19ی ئەیلوولی 2022، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی واشنتن لەبارەی کەیسی ژیناوە رەتدەکەنەوە و بە “دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئێران” ناوی برد.