“هەسەدە” زنجیرەیەک ئۆپەڕاسیۆنی لە دژی میلیشیاكانی توركیا راگەیاند

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لەدژی میلیشیاكانی تورکیا لە پردی قەرەقۆزاق و مونبج و تەل تەمر ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوێکدا، شەڕڤانانی “هەسەدە” رایانگەیاند، سێ ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا و بنکەیەکی تورکیایان کردە ئامانج لە ناوچەی قەرەقۆزاق، و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی میلیشیاكانی ئەنقەرایان كوشتووە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیشیان تێکشكاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان کۆبوونەوەی میلیشیاكانی ئەنقەرەیان کردووەتە ئامانج لە نزیك بەنداوی تشرین و لە ئەنجامدا کوژراو و بریندارییان لێکەوتووەتەوە.

“هەسەدە” ئاماژە بەوەش کرد کە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی تەل تەمر بنکەیەکی سوپای تورکیایان لە نزیک گوندی تەل لەبەنی گوندەواری تەل تەمر كردۆتە ئامانج، و لە ئەنجامدا سەربازێکی تورک کوژرا و دوو سەربازیش برینداربوونە.

 هەروەها سیستەمێکی ڕادار و سیستەمێکی چاودێری لەناوبراون، و زیانێکی بەرفراوانیش بە بنکەی تورکیا کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکانی سوپای تورکیا ماڵێکیان لە گوندی “ئەشمە”ی رۆژئاوای کۆبانێ کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٢ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون کە زۆربەیان منداڵن.

تورکیا بۆردومانی گوندەكانی پیر حەسوو و غەسق و مەلحە و خەرۆس و تیینە و جەعدەیان كرد لە باشووری کۆبانێ، و لە گوندەواری باکوری بەنداوی تشرین، دوو شەڕڤانی “هەسەدە” شەهیدبوون و چوار شەڕڤانیش برینداربوون .

هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی گۆتبوونەوەیەكی هاوڵاتی مەدەنی كرد لە بەنداوی تشرین، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی شەڕڤانانی (هەسەدە) دوو کەس برینداربوون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە