کەسانی نەناسراو ئۆتۆمبێلێک لە ناوەڕاستی سوریا دەتەقێنەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی یەکشەممە، کەسانی نەناسراو لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی حومسی ناوەڕاستی سوریا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان بە بۆمبێكی چێندراو تەقاندەوە.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شارۆچکەی قڕێتێنی گوندەواری رۆژهەڵاتی شاری حومس رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بۆمبێكی چێندراویان لەسەر رێگای سەرەکی شارۆچکەی قڕێتێنی بە ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی تەقاندەوە.

سەرچاوەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تەقینەوەکە بووە هۆی برینداربوونی كەسێك بە ناوی “مەداح عەواج” كە لە نێو ئۆتۆمبێلێكەدا بوو.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، كە تەقینەوەكە بە مەبەست نەبووە، بەڵکو پێدەچێت ئەو بۆمبەیە بۆ ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان چێنرابێت، بەو پێیەی ئۆتۆمبێلی مەداح تۆیۆتا هایلۆکس بووە و شێوەی نزیکە لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ناوچەکە بۆیە بەهەڵە تەقاندویانەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە مەداح لە بواری بازرگانیدا کار دەکات و سەر بە هیچ گروپێكی سیاسی و سەربازی نییە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان