بەڕێوبەرایەتی خۆسەر داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات ڕێوشوێنی ” توند و پتەو” بگرێتەبەر بۆ راگرتنی هێرشەكانی تورکیا
کۆبانێ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە شاری كۆبانێ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کە ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی تورکیا كە “تاوانی جەنگ” لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هیومان ڕایتس وۆچ رایگەیاند، “تورکیا و میلیشیاكانی جەیش وەتەنی سەر بە ئەنقەرە، تاوانی جەنگیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجامداوە”.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر دەڵێت توركیا “ بە ئاشكرا یاسای مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەكات، كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بازاڕێکی لە سەنتەری شاری سریین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج و کۆمەڵکوژی و تاوانی لە دژی هاوڵاتییانی ناوچەکە ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 12 هاوڵاتی سڤیل کە لەنێویاندا دوو منداڵ هەبوون، هەروەها 13 هاوڵاتیش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی دوێنێ ماڵێکی لەسەنتەری کۆبانێ کردە ئامانج و لەئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، دەستوەردان بکەن و ڕێوشوێنی پێویست لە دژی تورکیا بگرنەبەر، بەو پێیەی دەسهەڵاتدارانی ئەنقەرە کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی و دژی گەلەکەمان لە ناوچەکە ئەنجام دەدەن .”
راشیگەیاند، داواش دەکەین دۆسیەی تاوانەکان پێشکەش بە دادگای نێودەوڵەتی بکرێت، داواش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ وەستاندنی هێرشەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا دەکەین كە هەڵوێستی خۆیان بۆ ڕەتکردنەوەی داگیرکاریی تورکیا و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی دەرببڕن، هەروەها وەڵامی ئەو بانگەوازانە بدەنەوە بۆ گفتوگۆی نیشتمانی کە لەلایەن ئەنجومەنی سوریای دیموکراتەوە پێشنیاركراوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا”.