راگەێنراوی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنی کامپی هۆل

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنە 24 رۆژەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە بۆسەر کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە درێژایی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی ئەمریکا لە رووی هەواڵگری، چاودێری و گەڕانەوە هاوکاریی “هاوبەشەکانیان” لە هێزەکانی هەسەدە کردووە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەشڵێت، مەبەست لەو ئۆپەراسیۆنە پاراستنی نزیکەی 60 هەزار دانیشتووی کەمپەکە بووە “لە تاوان و کردەوەی تیرۆریستیی داعش.”

فەرماندەییەکەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات کە لەو ماوەیەدا هەسەدە نزیکەی 300 ئەندامی داعشی دەستگیرکردووە، دەستی بەسەر 25 کیلۆگرام تەقەمەنی و 25 نارنجۆکدا گرتووە. دەشڵێت، دەستبەسەر کەلوپەلی لۆجیستیی داعش لە کەمپەکەدا گیراوە.

جگە لەوەش، فەرماندەیی ناوەندی ‌هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لەو ماوەیەدا هەسەدە 6 ژنی رزگارکردووە کە “بە زنجیر بەسترابوونەوە و لەلایەن ئەندامانی داعشەوە ئەشکەنجە دەدران.” لەنێویشیاندا، وەکو خۆی دەڵێت، بەشێکیان کاتێک لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکراون، منداڵ بوون و بۆ ماوەی چەندین ساڵ زیندانیکراون.

 هێزەکەی ئەمریکا باس لە کچێک دەکات کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکراوە کاتێک تەمەنی 9 ساڵ بووە و ئێستا تەمەنی بووەتە 17 ساڵ و دەڵێت، لە ماوەی ئەو 8 ساڵەی لە ژێر دەستی ئەندامانی داعشدا بووە، “ئەشکەنجەدراوە و چەند جارێکیش لەلایەن ئەندامانی داعشەوە کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، رۆژی8ـی ئەیلوول دوو شەڕڤانی هەسەدە لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش، لە کەمپی هۆل کوژراون.