وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە هاوتا میسریەکەی رادەگەینێت كە پێویستە ڕێگری لە حەماس بکرێت لە حوکمڕانی غەززە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەدر عەبدولعاتی، هاوتا میسرییەکەی، ئاگادارکردەوە کە حەماس نەتوانێت جارێکی دیکە حوکمڕانی غەززە بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، روبیۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا میسریەکەی جەختی لە “گرنگی لێپرسینەوە لە حەماس” کردووەتەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە: “روبیۆ جەختی لە گرنگی هاوکاری متمانەدار کردەوە بۆ پلاندانانی دوای ململانێکان، تا دڵنیابن لەوەی کە حەماس نەتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات یان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات.”
لە نۆزدەی ئەم مانگەوە ئاگربەست لە غەززە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، و قۆناغی یەکەمی ٤٢ ڕۆژ دەخایەنێت، و لەو ماوەیەدا دانوستانەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و دواتر قۆناغی سێیەم بەڕێوەدەچێت، ئەویش بە نێوەندگیری میسر و قەتەر و ئەمریكا.