مونبج.. گرژی لە نێوان “جەیش وەتەنی” و بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی حكومەتی راگوزاری سوریا روییدا

مونبج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوە سەربازییەکان لە مونبج رایانگەیاند، گرژی لە نێوان میلیشیاكانی سەر بە توركیا و بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیدارەی نوێی سوریادا روویدا، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئیدارەی سوریا داوای هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكە و رادەستكردنی چەکەکانیانی كرد .

دوو رۆژ لەمەوبەر شاندێكی سەربازی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان گەیشتنە مونبج و لەگەڵ سەرۆکی میلیشیاكان کۆبوونەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ رادەستکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیانە بۆ ئەوەی پەیوەستبكرێن بە وەزارەتی بەرگری سوریا.

وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی راگوزاری سوریا بە سەرۆکایەتی مەڕهەف ئەبو قەسرە هەوڵەكانی بۆ یەکخستنی گروپە چەكدارەكان چڕتر كردۆتەوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆبوونەوەکە گرژیی تێكەوت، بەو پێیەی هەندێک لە میلیشیاكان ڕەتیانکردەوە كە گروپەكەیان هەڵبوەشێننەوە، هاوکات ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وادەی هەڵوەشاندنەو و ڕادەستکردنی چەکی پێدان.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرژی لە نێوان سەرکردەکانی میلیشیای “عەمشات” و “حەمزات”ی جەیش وەتەنی هەبووە، بەهۆی رەتکردنەوەی بەشێك لە فەرمانەكانی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

دوێنێ دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە جەیش وەتەنی کرد چەکەکانی خۆی رادەست بکات و پەیوەندی بە ئیدارەی نوێی سوریاوە بکات.

ئامادەکردنی: زانا عالی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان