چاوەڕوان دەکرێت وەفدێكی رووسیا لەگەڵ شەراع كۆببێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

 ئێوارەی رۆژی دووشەممە، سەرچاوەیەکی رووسی ئاشكرای كرد، كە لە داهاتوودا شاندێکی باڵای رووسیا سەردانی دیمەشق دەكەن بە ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی گشتگیر، لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق.

ئەو سەرچاوەی رووسیا بۆ ڕۆژنامەی “ئەشرق ئەوسەت” ئاشکرای کرد، کە شاندەکە بە سەرۆکایەتی میخائیل بۆگدانۆڤ بریکاری وەزیری دەرەوە دەبێت لەگەل نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و بەرپرسانی کەرتی ئابووری.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکارییەکان لە ئارادایە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا، و ئەسعەد شێبانی وەزیری دەرەوەی راگوزار لەو وڵاتە، و بەرپرسانی دیکە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەردوولا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ڕێکخستنی سەردانەکە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارنامەی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکان ”هەمەلایەنە دەبێت و تیشک دەخەنە سەر دانانی بناغە پێویستەکان بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەردوو وڵات“.

 داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە